ئەم راپۆرتە بە فایلی پی دی ئێف دابەزێنە
له ئێستادا هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دای سياسی و عه‌سكه‌ری و دارايی و ئيداری بووه‌ته‌وه. خه‌ريكه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، به هاوكاری وه‌يان چاوپۆشيی هێزه ئيقليمی و جيهانيه‌كان، له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به زياده‌وه سزای هه‌رێم ده‌ده‌ن و سنووره ده‌ستووری و رێكه‌وتنه سياسيه‌كانی پێشوو بنكۆڵ ده‌كه‌ن. دياره ئامانجی ستراتيژیان ئه‌وه‌يه كه جارێكی ديكه هه‌رێمی كوردستان توانای سه‌ربه‌رزكردنه‌وه‌ی نه‌مێنێ و سه‌ربه‌خۆييه‌كه‌ی له ئاستی هه‌رێمێكی ملكه‌چ و سنوورداری ناو عێراقدا تێنه‌په‌ڕێ. به‌وه‌ش خه‌ونی به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێمی كوردستان به‌يه‌كجاره‌كی بسڕنه‌وه. پرسياری گرنگ ئه‌وه‌يه كه ئايا چی ده‌كرێ و چی بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به كه‌مترين زيان له‌و دۆخه ده‌ربازببێ؟
بۆمبی ته‌وقيتكراو
دۆخی ئيمڕۆی هه‌رێم به شه‌وڕۆژێك نه‌هاتووه‌ته‌دی، به‌ڵكو له ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ريشه‌یی هه‌ڵپه‌سێردراو و ئه‌ركی پشتگوێخراو په‌يدابوونه، كه پێشتر كاريان به‌پێی پێويست له‌سه‌ر نه‌كراوه و ئێستا كاتی هاتووه چاره‌سه‌ر بكرێن.
هه‌ميشه بيرمه‌ند و خه‌مخۆران جه‌ختيان له به‌ديهێنانی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی بنه‌ره‌تی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون كردووه‌ته‌وه، كه گرنگترينيان بريتين له رێكخستنی ناوماڵ و هێنانه‌ديی يه‌كڕيزی سياسی و ته‌بايی كۆمه‌ڵايه‌تی. نهێنی نيه كه له‌وباره‌يه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سياسی هه‌رێم، له هه‌ردوو زۆنی سه‌وز و زه‌ردا، كه‌مته‌رخه‌م بوونه. به‌پێی پێويست ئه‌وله‌ويه‌تیان به پڕۆسه‌ی نيشتيمانسازی و ده‌وڵه‌تسازيی و تۆكمه‌كردنی سيسته‌می حوكمڕانی نه‌داوه، وه‌يان له گرنگيه‌كانیان كه‌مكردووه‌ته‌وه. هه‌ندێك وایداده‌نا كه ده‌كرێ باره ناوه‌كيه شڵۆقه‌كه‌ی هه‌رێم له‌دوای به‌ده‌وڵه‌تبوون چاكبكرێ، به‌ڵام رۆژگار سه‌لماندی كه سيسته‌می حوكمڕانی هه‌رێم له رووی بونياد و په‌يكه‌ره‌وه ئه‌وه‌نده لاواز و له‌رزۆكه كه خۆی له‌خۆيدا هۆكاری سه‌ره‌كی بووه بۆ دروستبوونی قه‌يرانه نه‌پچڕاوه‌كان، وه له يه‌كه‌مين تاقیكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسسازيشدا به‌رگه‌ی نه‌گرت و شكستی به‌دوای خۆي‌دا هێنا.
به واتايه‌كی ديكه، شكستی ئه‌وجاره له ده‌ره‌نجامی ته‌نيا هه‌ڵه‌يه‌ك وه‌يان هيچ جۆره خيانه‌تێك نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقيتكراو مه‌سه‌له‌يه‌كی حه‌تمی و چاوه‌ڕوانكراو بوو. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌رێم پێشوه‌خته و به‌بێ يه‌كڕيزيی ده‌وڵه‌تی رابگه‌يه‌ندابايه، دوورنيه هه‌ر هه‌مان ئه‌و لاوازيه بنه‌ره‌تيانه، زوو يان دره‌نگ، ده‌بوونه هۆی شكستی ده‌وڵه‌ته‌كه و دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی باشووری سوودان. راسته، هه‌ڕه‌شه ده‌ركيه‌كان و هێزه نه‌ياره‌كان رۆڵيان كاريگه‌ر بوو به‌ڵام گله‌يی له نه‌يار و دوژمنان ناكرێ، چونكه ئه‌وانه به سروشت ئامانجيان شكستپێهێنانی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆيی كوردستانه. ده‌بێ هه‌رێم بارودۆخ هه‌ڵسه‌نگێنێ، خوێندنه‌وه بۆ مه‌رج و پێشهاته‌كان بكات و خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كان ئاماده بكات و حيساب بۆ په‌رته‌وازه‌يی بڕياری سياسی ناوه‌كيش بكات. ئه‌گه‌ر حوكمی هه‌رێم دروست بووايه، په‌رله‌مان كارابوايه، حكومه‌ت تۆكمه بووايه، هێزی چه‌كدار نيزامی بوايه، گه‌نده‌ڵی كۆنتڕۆڵ بكرايه، خه‌ڵكی هه‌رێم هه‌ستی به هاوڵاتيبون و سه‌روه‌ری ياسا و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی بكردبايه، ئيتر قليشی وا گه‌وره نه‌ده‌كه‌وته نێو هێزه‌كانی هه‌رێم و چانسی سه‌ركه‌وتن زۆر له‌وه زياتر ده‌بوو.
لاوازيی ستره‌كچه‌ری بڕياردان
ده‌مێكه قليشی گه‌وره له نێوان سه‌رجه‌م هێزه سياسيه ده‌سه‌ڵاتدار و ئۆپۆزيسيۆنه‌كان په‌يدا بووه، به‌ڵام ئێستا كار له‌وه تێپه‌ڕيوه. قليشی ناوه‌كیش له هه‌ناوی زۆربه‌ی هێزه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و له پرۆسه‌ی حوكمڕانی و ژيانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكيشدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه. له زۆنی سه‌وزدا ستره‌كچه‌ری (په‌يكه‌ر و پرۆسه‌ی) بڕياردان له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه شله‌قاوه و له ئاستی لوتكه‌وه به شێوازێكی مه‌ترسيدار په‌رته‌وازه بووه كه هيچ جۆره مه‌ركه‌زيه‌تێك له بڕيارداندا به‌دی ناكرێ. له زۆنی زه‌رديشدا كێشه‌كه به پێچه‌وانه‌يه، په‌يكه‌ری بڕياردان به زياده‌وه تۆكمه و به زياده‌وه مه‌ركه‌زيانه‌يه به جۆرێك كه نه‌ك ته‌نيا له ره‌خنه‌ی ئۆپۆزيسيۆن پارێزراوه به‌ڵكو له‌وه ده‌چێ كه له داواكاری خه‌ڵك و راوێژی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و توێژی بيرمه‌ندانيش دابڕابێ. ئه‌و ديارده دووجه‌مسه‌ريه له هه‌رێمكێی بنده‌سته‌دا كه چاوی له به‌ده‌وڵه‌تبوونه، به كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی كه‌مه‌رشكێن داده‌نرێ، چونكه به‌هۆيه‌وه هه‌ميشه هه‌رێم له‌مه‌ڕ ته‌حه‌داكاندا قابيلی لێكترازان ده‌بێ.
ده‌سه‌ڵاتی بڕياردانی سياسی، دارايی، عه‌سكه‌ری يان ئيداری له هيچ كام له‌و دوو زۆنه‌دا به ته‌واوی نه‌گوازراوه‌ته‌وه ناو په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادگا. به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ژموونی حيزبه ده‌سه‌لاتداره‌كان له لاوازكردن و بنكۆڵكردنی وه‌يان هه‌ندێ جار ئيفليجكردنی هه‌ريه‌ك له‌و كۆڵه‌گانه‌ی ديموكراسيدا به‌رده‌وامه. مه‌سه‌له‌ی حوكمڕانی به‌پێی ياسا، وه‌يان مه‌سه‌له‌ی شه‌رعيه‌تدان به بڕياره‌كانی حوكمڕانی، مه‌رجی بنه‌ڕه‌تين بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ميلله‌ت و متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌چی له هه‌رێمدا كراونه‌ته مه‌سه‌له‌ی لاوه‌كی. ئه‌و جۆره پشتگوێخستنه‌ی ياسا و شه‌رعيه‌ت له سه‌رده‌می شه‌ڕی ساردی سه‌ده‌ی رابوردوو بۆ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌چووه سه‌ر، به‌ڵام له رۆژگاری ئيمڕۆدا و له هه‌رێمێكی فيدراڵی بنده‌سته‌دا نه‌فه‌سيان درێژ نيه.
نه‌چووه بچێ
شكستی ئه‌وجاره به‌و ئاسته‌ی ڕووخان نيه كه چاودێران وه‌سفی ده‌كه‌ن. به‌ڵكو پاشه‌كشه‌يه‌كه به مانای گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن بۆ دواوه، چونكه دۆخی هه‌ميشه شله‌قاوی عێراق به‌رده‌وامه و پارسه‌نگی هێزه ململانێكه‌ره‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هێشتا له گۆڕاندايه. به‌غدا به‌بێ هاوكاری ده‌ره‌كی توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه بنه‌ڕه‌تی و درێژخايه‌نه‌كانی نه‌ماوه و نايبێ. جا به‌هۆی داڕزانی ناوه‌كی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی عێراق بێ وه‌يان له ئه‌نجامی ململانێی هێزه جولێنه‌ره‌كان، ده‌رفه‌تی نوێ دێنه پێشه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر عێراق تۆكمه‌ش بووه‌وه و لايه‌نی كورديش وه‌ك شه‌ريكێك به‌شدار بوو له هه‌ڵساندنه‌وه و به‌ديموكراسيكردنی، ئه‌وا ديسانه‌وه هه‌رێمی كوردستان براوه ده‌بێ. ئه‌گه‌ر هێزه سياسيه‌كان به‌خۆكه‌وتن و ته‌ركيزيان خسته‌وه سه‌ر تۆكمه‌كردنی كۆڵه‌گه‌كانی حوكمڕانی دروست له هه‌رێمدا، ئه‌وا شكستی ئه‌ودواييه ده‌بێته ده‌رسی مێژوو و هه‌ڵسانه‌وه‌ی به گوڕوتينه‌وه به‌دوادادێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ركرده سياسيه‌كان له ئينكاردا بمێنن و لاوازيه‌كانی سيسته‌می ئێستا به‌رده‌وامكه‌ن، ئه‌وا شكست ده‌بێته كاره‌سات و ئومێدی به‌ده‌وڵه‌تبوونيش له خه‌ونه‌وه ده‌بێته خه‌ياڵ.
ئه‌ركی دادێ له ناوه‌وه
ئيمڕۆ كاتی ديراسه‌تكردنی ئه‌ركه هه‌نووكه‌ييه‌كانه بۆ فرياكه‌وتن و راستكردنه‌وه‌ی باری لاری سيسته‌می حكومڕانی. پێويسته سه‌ركرده‌كان رێگه له‌و جۆره موزايه‌ده و گوتاری ئاگرين و ئاڵوگۆڕی تۆمه‌ت و ره‌فتاری تێكده‌رانه بگرن كه ره‌نگه ببنه مايه‌ی زياتر لێكترازان و گه‌ڕانه‌وه بۆ كاره‌ساتی دوو ئيداره‌يی. له‌جياتيان با په‌رله‌مان و حكومه‌ت كاراتر بكرێن و ببنه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بڕياردان. به‌زووترين كات سه‌ركرده‌كان به‌رچاوڕوونی بده‌نه خه‌ڵك و به‌رنامه‌ی سياسی و حوكمڕانیان ئاشكراكه‌ن. له‌وانه پلانی: ئارامكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕێندراوه‌كان، گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، داڕێژتنه‌وه‌ی په‌يوه‌نديه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق، هه‌مواركردنه‌وه‌ی ياسای هه‌ڵبژاردن و دياريكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن، يه‌كلاكردنه‌وه‌ی سيسته‌می حوكمڕانی (په‌رله‌مانی يان سه‌رۆكايه‌تی)، به‌رنامه‌ی دارايی و مووچه، زيندووكردنه‌وه‌ی پرۆژه ژێرخانيه‌كان، به‌دامه‌زراوه‌ييكردنی هێزه چه‌كداره‌كان، كۆنتڕۆلكردنی گه‌نده‌ڵيی، ريفۆرمی سيسته‌می به‌ڕێوه‌بردن، سه‌ربه‌خۆكردنی سيسته‌می دادوه‌ريی، جۆشدانه‌وه به كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. ئه‌وانه و ده‌يان پڕۆژه‌ی ستراتيژی ديكه كه ده‌كرێ پسپۆران كاری له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردن.
ئه‌ركی دادێ له ده‌ره‌وه
هه‌ڕ‌شه‌ی سه‌ره‌كی له مه‌ودای نزيكدا به پله‌ی يه‌كه‌م له به‌غداوه دێ، ئه‌وجا له ئه‌نكه‌ره و ته‌هران به پله‌ی دووه‌م، ئه‌گه‌رچی له رووی هاندان و پلانداناندا رێزبه‌نديه‌كه به پێچه‌وانه‌يه. پێويسته رووی هه‌ڵمه‌تی هه‌نووكه‌يی هه‌رێم له‌و سێ پايته‌خته بێ، و سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی په‌يوه‌ندی و كارتێكردن له ناو سيسته‌می بڕياردانی ئه‌و وڵاتانه به‌گه‌ڕ بهێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستێكی به‌رزی سياديه‌وه پردی متمانه له‌گه‌ل بڕيارده‌رانيان دروست بكرێته‌وه و له كرژيه‌كان و توندی ته‌وژمه‌كان خاوبكرێنه‌وه.
ئه‌و سێ پايته‌خته له دژی ريفراندۆم و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردين، وه له زێده متمانه‌به‌خۆبوونه‌كه‌ی هه‌رێم نيگه‌رانن و ده‌يانه‌وێ ده‌رسێكی مێژوويی بده‌نه سه‌ركرده‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی هاوشێوه دووباره نه‌بێته‌وه. به‌ڵام خوازياری ئه‌وه‌ش نين كه سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كان ئه‌وه‌نده ئاوه‌ژوو ببنه‌وه كه ناوچه‌كه به‌زياده‌وه گيرۆده‌ی ململانێی خوێنينی نوێ بێته‌وه و خۆشيان تێدا زه‌ره‌رمه‌ند ببن. ده‌شزانن كه گوڕوتينی هه‌رێم و خواستی ميلله‌تی كورد به‌وه كۆتايی نايه‌ت، وه ئه‌گه‌ر كێشه بنه‌ڕه‌تيه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن ئه‌وا له ده‌رفه‌تێكی ديكه‌دا بزوتنه‌وه‌ی رزگاريخوازی كوردستان دێته‌وه مه‌يدان. بۆيه زۆرينه‌ی دراوسێيه‌كان مه‌به‌ستيانه له ئاينده‌دا هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێ و كێشه‌كان له چوارچێوه‌ی عێراقدا به ميكانيزمی سياسی و ده‌ستووری، نه‌ك به فه‌رزی ئه‌مری واقيع، چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌وه‌شدا هێزه جيهانيه دۆسته‌كانيش هاوكار ده‌بن.
له به‌غدا
بۆ هه‌رێم، به‌غدا له هه‌موو پايته‌ختێكی ديكه‌ی جيهان گرنگتره و پێويسته بكرێته چه‌قی ته‌ركيزی سه‌ركرده‌كان. ئه‌گه‌ر كورد هه‌رچی زووه هه‌وڵنه‌دات ببێته‌وه شه‌ريكی راسته‌قينه‌ی حوكمڕانی به‌غدا، ئه‌وا دوور نيه دووچاری هه‌مان ده‌ردی عه‌ره‌بی سوننه بێ كه له ساڵانی دوای روخانی رژێم به‌سه‌ر خۆيان داهێنا. ده‌مێكه حكومه‌تی هه‌رێم و لايه‌نه سياسيه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌تايبه‌تی پارتی ديموكراتی كوردستان، ته‌ركيزیان له‌سه‌ر به‌غدا كاڵكردووه‌ته‌وه و ئه‌وله‌ويه‌تیان به راكێشانی دۆستان و پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان و به‌شداريكردن له ده‌سه‌ڵاتی فيدراڵی نه‌داوه. ده‌كرێ بووترێ كه به‌گشتی لايه‌نی كوردی له به‌غدادا تا ڕاده‌يه‌كی زۆر پێگه و سه‌نگی جارانی له‌ده‌ستداوه و كاريگه‌ری له‌سه‌ر گۆڕينی بڕيار و وه‌رچه‌رخاندنی بارودۆخ و بگره پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پيلان زۆر كزبووه، و باجی ئه‌و دياردانه‌ش له رۆژگارێكی وه‌ك ئێستادا زياتريش ده‌بێ.
له ئێستادا حكومه‌تی به‌غدا ده‌رفه‌تی ده‌ستكه‌وتووه بۆ سزادانی لايه‌نی كوردی و ده‌رگاكانی گفتوگۆی به ته‌واوی نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه كاتييه، زوو يان دره‌نگ ده‌بێ بيانكاته‌وه، جا به حيكمه‌ت و سياسه‌تی هه‌ردوولا بێ وه‌يان فشاری ده‌ره‌كی. پێويسته به‌بێ چاوه‌ڕێكردن ده‌سته‌يه‌ك له سه‌ركرده بڕيارده‌ر و كاريگه‌ره باڵاكانی هه‌رێم، به به‌شداريی سه‌رجه‌م حيزبه سه‌ره‌كيه‌كان، بچنه به‌غدا و بنكه‌يه‌كی هه‌ميشه‌يی له‌وێ دابكوتن و به پلانێكی گشتگير كاری بێ‌وچان له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌كانی پڕۆسه‌ی بڕياری سياسی و حوكمڕانی عێراقی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شی ناهه‌مواری ئێستا ئاوه‌ژوو بكه‌ن و دواتر كورد بكه‌نه شه‌ريكی بڕياردانی حوكمڕانی. گرنگه ئه‌و سه‌ركردانه خه‌ڵكانێك بن كه له بڕياری لوتكه‌يی نزيكبن، ميانڕه‌و و پراگماتيكیبن و توانای راكێشانه‌وه‌ی دۆسته كۆنه‌كان و دروستكردنی په‌يوه‌ندی نوێيان هه‌بێ. پێويسته په‌يوه‌ندی لوتكه‌يی له‌گه‌ل مه‌رجه‌عيه‌كانی نه‌جه‌ف و سه‌ركرده‌ی حيزبه شيعه و سوننه‌كان و نێرده‌ی ديپلۆماتی هێزه جيهانيه‌كان بكه‌ن، وه كاری نوێنه‌رانی هه‌رێم له په‌رله‌مان و حكومه‌ت وكۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نيدا رێكخه‌نه‌وه. وه‌ك خاوه‌نێكی پرۆسه‌ی حوكمڕانی عێراقی، كار لەسەر بەدیموکراسیکردن و به‌دامه‌زراوه‌ييكردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بكه‌ن، كه ئه‌وه‌ش خێری بۆ هه‌مووان ده‌بێ. واته، چيتر كورد خۆی به ميوان نه‌زانێت و به‌غدا بۆ خه‌ڵكی ديكه لێنه‌گه‌رێ.
ئه‌و تيمه پێويستی به هاوكاری په‌رله‌مانتاران و خه‌ڵكانی پسپۆڕ ده‌بێ بۆ به‌شداریكردن له چه‌ندين لێژنه‌ی هونه‌ريی تايبه‌تمه‌ند تاوه‌كو له ته‌وه‌ری جياوازدا پشكی هه‌رێم له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا بپارێزن. رۆڵی ئۆفيسی هه‌ماهه‌نگی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فيدراڵ گرنگه و پێويسته به ستاف و سه‌ركرده‌ی به‌گوڕ و لێهاتوو كارا بكرێته‌وه هه‌تا به‌رده‌وام به داتا و به‌ڵگه ئه‌ركی چاودێری و به‌دواداچوون له ئه‌ستۆبگرن.
په‌رله‌مانتارانی به‌غدا
ئه‌ركی په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به هه‌رێم له به‌غدا زۆر قوڕس بووه، وه به‌هۆی كاڵبوونه‌وه‌ی ته‌ركيزی حيزبه‌كانيان كاريگه‌ریان له‌سه‌ر بڕيار و رووداوه‌كان كه‌مبووه‌ته‌وه. په‌رله‌مانتاران شاره‌زاييی زۆريان له بنجوبنه‌وانی سيسته‌م و ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كان هه‌يه و ده‌توانن پيلان و بڕياری نابه‌جێی دژ به‌هه‌رێم له په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه پێويستيان به گوێ لێگرتن و پشگيریكردن و رێنمايكردنه.
پێويسته حيزبه‌كانی هه‌رێم ئاماده‌باشيی ته‌واو بۆ هه‌ڵبژاردنی گشتی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ش، كار بۆ ده‌ستنيشانكردنی كانديده‌كان له‌نێو سه‌ركرده‌ی باڵا، بڕيارده‌ر، لێهاتوو، عه‌ره‌بيزان و خاوه‌ن به‌هره‌ی پێشڕه‌ويی بكه‌ن چونكه له مه‌ودوا به‌غدا به‌ره‌ی شه‌ڕی چاره‌نوسساز بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌بێ، ئه‌و شه‌ڕه‌ش پێويستی به به‌كارهێنانی به‌رزترين ئاستی زانست و هونه‌ری لۆبيكردن و خه‌باتی سياسی ده‌بێ.
پێويسته به زووترين كات ئه‌و كۆمه‌ڵه پۆسته هه‌ستيار و گرنگه‌ی حكومه‌تی فيدراڵ كه به پێی رێكه‌وتنی سياسی به كورد دراون به كانديدی گونجاو پڕبكرێنه‌وه. ساڵانێكه پڕكردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌و پۆستانه پشتگوێی خراون وه‌يان كانديدی گونجاویان بۆ ديارنه‌كراوه، وه ئه‌وانه‌ی له پۆسته‌كانيشدابوونه كێشه‌ی ئاراسته‌كردنيان هه‌بووه وه‌يان له زۆر حاڵه‌تدا له‌جياتی به‌رگريكردن له خواست و مافه‌كانی هه‌رێم بۆ ده‌ستكه‌وتی حيزبی تايبه‌ت ئاراسته كرابوون.
له ده‌ره‌وه‌ی وڵات
له‌و چه‌ند هه‌فته‌ی دوای ريفراندۆمه‌وه، فه‌زای هه‌رێم ته‌سك بوويته‌وه. كه‌شێكی نێوده‌وڵه‌تی خنكێنه‌ر داهێنراوه، وه‌ك بڵێی سه‌رجه‌م ده‌ورودراوسێكان له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه دۆسته‌كان خه‌ريكی داخستنی بۆڕی هه‌ناسه‌كه‌ين. به‌ڵام ئه‌و دۆخه كاتييه و خه‌ريكه كاته‌كه‌شی به‌سه‌ر ده‌چێ چونكه ئامانجه‌كانيان بۆ بچووك كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لات و قه‌واره‌ی هه‌رێم وا دێته‌دی. له‌ولاشه‌وه هاوپه‌يمانان له زێده‌ڕۆيی حكومه‌تی عێراق نيگه‌رانن. هه‌ڵبه‌ته رێگرتن له هێزه نه‌ياره‌كان و راكێشانه‌وه‌ی دۆستانی هاوپه‌يمان به خۆڕسكی نايه‌نه‌دی، به‌ڵكو پێويستیان به هيممه‌تی نوێ ده‌بێ له ئاستی لۆبيكردنی سه‌رتاسه‌ريی بۆ كاركردنه سه‌ر بڕياری هێزه ئيقليمی و جيهانيه‌كان له‌سه‌رجه‌م پايته‌خته گرنگه‌كان.
بێگومان ئه‌ركی نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌ودوا له‌جاران قورس‌تر ده‌بێ. ئه‌وانه زياتر ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی لۆبی عێراقی، كه هه‌وڵی داخستنی نوێنه‌رايه‌تيه‌كان ده‌دات. نوێنه‌ران پێويستيان به ستراتيژی نوێ ده‌بێ بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ واقيع و ئه‌وله‌وياتی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، نه‌ك هی دوو حيزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم.
هه‌ڵبه‌ته نوێنه‌ران له‌و ميانه‌دا ته‌نيا نين، دۆست و پاڵپشتيان هه‌ن. يه‌كێك له پاڵپشته هه‌ره مه‌زنه‌كان بريتيه له ره‌وه‌ندی كورده‌واری هه‌نده‌ران، كه له سه‌رتاپای جيهاندا به‌ربڵاون و توانای فشاريان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی بڕيار هه‌يه. ئه‌وانه دڵیان بۆ كوردستان لێده‌دا وه ئاماده‌ن به‌بێ چاوه‌ڕوانكردنی پاداشت كاری پێشمه‌رگانه بۆ دۆزی هاوبه‌ش بكه‌ن. دياره ئه‌و ره‌وه‌نده له لاوازبوونی سيسته‌می حوكمڕانی هه‌رێم و ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای گه‌نده‌ڵی نيگه‌رانن، وه به‌گله‌يين له‌وه‌ی كه ده‌نگيان نابيسترێ و ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم پشتگوێی خستوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆيان وه‌ك شه‌ريكی هه‌ميشه‌يی ده‌بينن و ئه‌و شكسته‌ی دوايی به هی خۆیان و دۆزه‌كه‌یان داده‌نێن، وه ئاماده‌ن بۆ زيندووكردنه‌وه‌ی هيواكان بێنه فريا. كاتی هاتووه حكومه‌ت به هه‌ڵمه‌تێكی نوێوه پردی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی كورده‌واری دروست بكاته‌وه و بيانكاته شه‌ريكی روانگه و به‌رنامه‌ی نوێی لۆبیكردن.
بێگومان ته‌حه‌داكان مه‌زنن و چاكردنی سيسته‌م كارێكی قورس و درێژ ده‌خايه‌نه، به‌ڵام خه‌ڵك پشووی درێژه. له‌و ساته‌وه‌خته‌وه كه حكومه‌ت قۆڵی لێهه‌ڵده‌كات و به‌ڵگه‌ی پێشوه‌چوون پێشكه‌ش ده‌كات، خه‌ڵك نيه‌تچاكی سه‌ركرده‌كانی قه‌بوڵ ده‌بێ و به‌شێكی به‌رپرسيارێتيه‌كه‌ش ده‌گرێته ئه‌ستۆ، چونكه ئه‌و نيشتيمانه، به كێشه‌كانيه‌وه، هی هه‌مووانه و به‌رپرسيارێتی چاكردن و سه‌رخستنيشی له ئه‌ستۆی هه‌موواندايه.